“تورکیا چەکی کیمیایی دژی عەفرین بەکارهێنا”

(سبەی):

پزیشکێکی نەخۆشخانەی عەفرین ئاشکرای دەکات؛ لە هێرش و پەلامارەکانیاندا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، سوپای تورکیا و چەکدارە لایەنگرەکانی چەکی کیمیاییان دژی هاوڵاتیانی مەدەنی بەکارهێناوە.

لە (27)ەمین رۆژی پەلامارەکانی تورکیادا، کارگەی رۆنی زەیتون و وێستگەیە شەمەندەفەر و چەندین گوند و ئاوایی لە کانتۆنی عەفرین بۆردومان کران و زیانێکی زۆر بەر هاوڵاتیانی مەدەنی ئەو بەشەی رۆژئاوای کوردستان کەوت

 

تورکیا گازی کلۆر دژی عەفرین بەکاردەهێنێت

د.جوان محەمەد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاڤرین لە شاری عەفرین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد؛ رۆژی (20)ی ئەم مانگە شەش برینداری بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر گوندی ئەرندەی ناحیەی شییە گەیەندرانە نەخۆشخانە و بەپێی نیشانە سەرەتاییەکان دەرکەوت کە گازی کلۆر لە بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو گوندە بەکارهێنراوە.

وتیشی :”بریندارەکان تورشی تەنگەنەفەسی و کۆکە و سوربونەوەی پێست و چاو ببون و ئەوانەش هەموی دەرەنجامی بەرکەوتنیان بوە بە گازی کلۆر و تائێستاش باری تەندروستی دوان لە بریندارەکان لە مەترسیدایە و بەهۆی توشبونیان بە هەستیاریی و هەموکردن لەژێر چاودێری پزیشکیدا ماونەتەوە”.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئاڤرین رایگەیاند: نەتەوەیەکگرتوەکان و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ئاگادار کراونەتەوە لە هێرشە کیمیاییەکە و پشکنینی پزیشکی زیاتر بۆ بریندارەکان ئەنجامدەدرێت و دەرەنجامەکانی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکرێن.

سەبارەت بە دوا ئاماری قوربانییەکان، د.جوان محەمەد ئاشکرای کرد؛ تائێستا (180) هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون و (458) کەس برینداربون، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.

 

وێستگەی شەمەندەفەری عەفرین بۆردومان کرا

هەر ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا، وێستگەی شەمەندەفەری گوندی ئەستێری کانتۆنی عەفرنیان بۆردومان کرد و وێستگەکەیان بەتەواوەتی وێران کرد.

وێستگەی شەمەندەفەری ئەستێری عەفرین، وێستگەیەکی دێرینە و میژوی بونیاتنانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1911) و هێڵی سەرەکی گواستنەوەی وشکانی نێوان دیمەشق و حەلەب بوە لەگەڵ تورکیا، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناوخۆیی سوریاوە لە ساڵی (2011)ەوە لەکارکردن وەستاوە.

 

هێرش کرایە سەر کارگەی رۆنی زەیتون جندرێس

لەبەردەوامی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، سوپای تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە، هێرشیان کردە سەر کارگەی رۆنی زەیتون و گوشرا لە ناوەندی ناحیەی جندرێس و زیانێکی زۆریان بەکارگەکە گەیاندن و لەکارکردن وەستانیان.

ئەوە یەکەمجار نییە لە (20)ی مانگی رابردوە تورکیا، شوێنە گشتییەکان و ژێرخانی کانتۆنی عەفرین بکانە ئامانج و پێشتریش بۆردومانی وێستگەی ئاوی خواردنەوە و کارگەی زەیتون و بەنداوی مەیدانکێ و ژمارەیەک قوتابخانە و مزگەوت و کارگەی پیشەسازی و کشتوکاڵی کردوەتە ئامانج و زیانێکی زۆری پێگەیاندون.

 

مزگەوتی مەیرەمەنیش روخێنرا

 

لەبەردەوامی پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، ئەمڕۆ شەممە بۆردومانی مزگەوتی گوندی مەیرەمەنی سەر بەناحیەی شەڕای کانتۆنی عەفرینی کرد و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بە مزگەوتەکە و گوندەکە کەوت و سێ هاوڵاتی مەدەنی بریندار بون.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە