عەفرین؛ (750) کەس بونە قوربانیی پەلامارەکانی تورکیا

قوربانییەکی بۆردومانەکانی تورکیا بۆ سەر عەفرین

(سبەی):

سەرچاوەیەکی عەفرین دوای ئاماری قوربانیانی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا بۆ سەر کانتۆنەکە ئاشکرا دەکات، کە تائێستا نزیکەی (750) کەس بونەتە قوربانی.

ئاژانسی سپوتنیکی روسی لەسەر زاری سەرچاوەیەکی کوردیی لە عەفرینەوە بڵاوی کردەوە؛ بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا و چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتەوە لەماوەی (36) رۆژی رابردودا گەیشتوەتە (187) شەهید و (560) بریندار.

بەوتەی سەرچاوەکە، لەئێستادا شەڕو پێکدادانی قورس لەنزیک ناحیەی جندرێسی کانتۆنی عەفرین لەنێوان شەڕڤانان و سوپای تورکیا بەردەوامە.

بەپێی زانیارییەکانی سپوتنک؛ لەئێستادا سوپای تورکیا زۆر بە چڕی لەڕێگەی فڕۆکە و تۆپخانەکانییەوە بۆردومانی گوندەکانی دەوروبەری ناحیەی جندرێس دەکات و لەماوەی (36) رۆژی رابردودا نزیکەی (30) گوندی سنوری کانتۆنی عەفرین کەوتوەتە دەست سوپای تورکیا و چەکدارانی سەر بەو وڵاتە.

لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوز بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ تورکیا بەبەردەوامی و بەبێ وەستان ناحیەی راجۆ بۆردومان دەکەن، کە یەکینەکانی گەلی سەر بە سوپای سوریای لێ جێگیر بون.

بەپێی ئاژانسەکە، بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی تورکیاوە ژمارەیەک سەربازی یەکینەکانی گەلی سەر بە سوپای سوریا کوژراون و بریندار بون.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە