(سبەی):
یانەی مانچستەر سیتی، بەسەرکردایەتی گواردیۆلا یەکەم جامی خۆی بەدەستهێنا و بوە پاڵەوانی جامی رابیتەی ئینگلتەرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر یاریگای ویمبڵی، هەردو یانەی مانچستەر سیتی و ئەرسناڵ روبەڕوی یەکبونەوە بۆ ئەنجامدانی یاری کۆتایی جامی رابیتەی ئینگلتەرا و رکابەرایەتی کردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەکە و لەئەنجامدا یانەی مانچستەرسیتی توانی یەکەم نازناوی خۆی لەژێر سەرکردایەتی جۆزیف گواردیۆلای ئیسپانی بەدەستبهێنێت و بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر لەیانەی ئەرسناڵ بباتەوە.
گۆڵەکانی سیتی لەلایەن سێرگیۆ ئەگوێرۆی ئەرجەنتینی لە خولەکی (18) و فنسان کۆمبانی بەلجیکی لە خولەکی (58) و داڤید سیلڤای ئیسپانی لە خولەکی (65) تۆمارکران.
ئەو نازناوەش، یەکەم سەرۆکەوتنی گواردیۆلایە لەگەڵ ستیزن کە لە وەرزی هاوینی ساڵی (2016)ەوە راهێنەرایەتی تیپەکەی وەرگرتوە و (28)ەم نازناوی خۆیەتی کە لە مێژوی راهێنەرایەتییدا بۆ یانە جیاوازەکان بەدەستی هێنابێت.