(سبەی):
بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی هاوڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لێ دەکەوێتەوە، قائیمقامی هەولێریش دەڵێت: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکە پێکهێندراوە و ژمارەیەک کەسیش دەستگیرکراون، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ-یش دەڵێت: به‌نوسراوی فه‌رمی داوا لە داواكاری گشتی ده‌كه‌ین كه دۆسیه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌و بابه‌ته بكاته‌وه‌و كه‌یسه‌كه بجوڵێنێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە کەسێک وتە لە چەند ژن و گەنج و منداڵی تەمەن خوار (18) ساڵ وەردەگرێت کە گوایە ئەو کەسانە کاری لەشفرۆشی دەکەن، ئەوەش کاردانەوەی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناوە و بەتوندی رەخنە لەوکارە دەگرن.
بەشێک لەو هاوڵاتیانە رەخنەی توند لەو هەڵسوکەوتە نەشیاوە دەگرن کە کەسێک بەبێ ئەوەی هیچ بنەمایەکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردوەتەوە و لەوێدا رۆڵی دادوەر و پۆلیس دەبینێت.
(سبەی) لەزاری سەرچاوەیەکەوە زانیویەتی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە سنوری پارێزگاری هەولێر تۆمار کراوە و بڵاوکراوەتەوە.
لەوبارەیەوە نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە (سبەی) راگەیاند؛ لەسەر روداوەکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە و بەدواداچون بۆ روداوەکە دەکەن.
وتیشی: لەسەر روداوەکە ژمارەیەک کەس دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
سەبارەت بەوەی ئەو کەسەی کارەکەی کردوە لە هێزە ئەمنییەکانە یاخود هاوڵاتی ئاسایی، قائیمقامی هەولێر وتی: زانیاری وردیان لەبەردەستدا نیە و لەرێگەی ئەو لیژنەیەی پێکهێنراوە بەدواداچون بۆ روداوەکە دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە بڕیارە رۆژی یەکشەممە ژمارەیەک پارێزەر لەبەردەم بارەگای داواکاری گشتی لە هەولێر گردبونەوەیەک ئەنجام بدەن و ناڕەزایەتی خۆیان بگەیەنن بە داواکاری گشتی بۆ ئەوەی بەدواداچون بۆ ئەو روداوە بکات.
هەر ئەمڕۆش ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەئ بەوەکرد ” بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرته ڤیدیۆیه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ و رێكاره یاساییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌یه، له‌هه‌مان كات دژی جارنامه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ و مافی كه‌سی و پره‌نسیپه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه “.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتوە “ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له روانگه‌ی ئه‌ركی خۆی بۆ پاراستنی شكۆی مرۆڤه‌كان و پاراستنی مافی هاوڵاتیان و چاودێری كردنی ره‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ به‌گشتی به‌دوا داچونی جددی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و بابه‌ته‌و به‌نوسراوی فه‌رمی بۆ داوا كاری گشتی داوا ده‌كه‌ین كه دۆسیه‌ی تایبه‌ت بۆ ئه‌و بابه‌ته بكاته‌وه‌و كه‌یسه‌كه بجوڵێنێت، چونكه نابێت هیچ كه‌س و ده‌زگایه‌ك له‌هه‌ر پۆست و پله‌یه‌ك بێت بئ بڕیاری دادوه‌رو له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا لێكۆلینه‌وه له‌گه‌ڵ كه‌س بكات و خه‌ڵك تاوانبار بكات به‌هه‌ر تاوان و بابه‌تێك چونكه ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی یاسایه‌و ده‌چێته چوارچێوه‌ی ناو زڕاندن و شكاندنی شكۆی مرۆڤه‌كان و دروست كردنی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵگا . ئه‌و كه‌سه‌شی به‌و كاره هه‌ڵساوه ده‌بێت لیكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكریت وبدرێته دادگا . بۆیه وه‌ك ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ به‌رده‌وام ده‌بین له چاودێری كردنی ئه‌و پرسه‌و ده‌ره‌نجامه‌كانی و پێش بریاره‌كانی دادگا‌و لێكۆڵینه‌وه ناكه‌وین و هه‌مو هه‌وڵه‌كانی خۆمان ده‌خه‌ینه گه‌ڕ بۆ چه‌سپاندنی دادپه‌روه‌ری و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ وسه‌روه‌ر بونی یاسا”.