ناوەڕۆکى کۆبونەوەى فراکسیۆنە کوردییەکان و سەرۆک کۆمار

(سبەی):

فراکسیۆنە کوردییەکان و سەرۆک کۆمار دۆخى هەرێم و پڕۆژە یاساى بودجە تاوتوێ دەکەن و پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: “باچیتر دەسەڵاتدارانى هەرێم خەڵکی کوردستان نەکەنە قوربانی گرێبەستە نەوتییەکان و لەگەڵ بەغدا رێکبکەون”.

ئەمین بەکر، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەى فراکسیۆنە کوردیەکان و لیژنەى دارایى و جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەران لەگەڵ سەرۆک کۆمار کە درەنگانى شەوى رابردو کۆتایى هات رایگەیاند؛ لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجە و هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانیەکانمان کرد و جەختکرایەوە کە چیتر نابێت دۆخی دارایی خەڵک لە هەرێم بەم شێوەیە بێت و پێویستە ئەگەر چارەسەری مامناوەندییش بێت رازیبین”.

ئاماژەى بەوەشکرد؛ خەرجکردنی ئەو پارانەى لە بودجەدا ئاماژەى پێکراوە بە زیادکردنى ئەو بڕەى عەبادى دیاریکرد لەگەڵ پشکى پێشمەرگە و دەرمان، بەستراوەتەوە بە رادەستکردنەوەی نەوتی هەرێم و فرۆشتنی لەلایەن سۆمۆوە و دەڵێت:”بۆیە ئێستا پێویستە سەرۆک و جێگیری سەرۆکی بەناو حکومەتی هەرێم، بە رون و راشکاویی پێمان بڵێن ئەگەر دەتوانن لانی کەمی بژێوی خەڵک و موچەی موچەخۆرانی هەرێم دابین بکەن تا ئێمەش پێداگیری بکەین لەسەر کەمنەکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێم و دواجاریش بە زۆرینەی عەرەبی بودجەکە تێدەپەڕێت و ئێمەش بەرپرسیارێتی هەڵناگرین”.

دەشڵێت: “ئەگەر دەسەڵاتدارانى هەرێم ناتوانن چارەسەری کێشەی موچە و کێشە دارایەکانی تری هەرێم بکەن، باچیتر خەڵکی کوردستان نەکەنە قوربانی گرێبەستە نەوتییەکان و سیاسەتە چەوتەکانی خۆیان و و لەگەڵ بەغدا رێکبکەون کە چی دەگەڕێننەوە بۆ بەغدا و چی وەردەگرنەوە”.

 

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە