”عەبادی نایەوێت لەگەڵ حکومەتی هه‌رێم مامەڵە بکات”

(سبەی):

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان و کۆمەڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنن؛ عەبادی لەدواین کۆبونەوەدا رایگەیاندوە کە ئامادەیە موچە خەرج بکات، بەڵام مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێم ناکات، دەشڵێن: داوایان لە عەبادی کردوە پابەندی بەڵێنەکانی بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد حاجی رەشید، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی و ئەمین بەکر، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا ئاماژەیان بەدواین هەوڵەکانی ناردنی موچەی فەرامنبەرانی پەروەردە و تەندروستی کرد و ئەوەیان خستەڕو؛ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەدوا کۆبونەوەدا رایگەیاندوە کە ئامادەیە موچەی فەرمانبەران خەرج بکات، بەڵام مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی هەرێم ناکات و مامەڵە لەگەڵ وەزارەت و پارێزگاکان دەکات.

ئەمین بەکر، رایگەیاند؛ داوامان لە عەبادی کردوە پابەندی بەڵێنەکانی بێت و ئێمەش پێشنیار دەکەین وەکو چارەسەرێکی مامناوەندی، ئەو پارەیە بدرێت بە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، تاوەکو هیچ بیانوییەک بەدەست عێراقەوە نەمێنێ بۆ دواخستنی موچەی ئەو دو وەزارەتە.

هەروەها ئەحمەد حاجی رەشید ئاماژەی بەوەشکرد، حكومه‌تی‌ هه‌رێم رەتیکردوەتەوە راسته‌وخۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت بكرێت و داوایان کردوە پارەکە بدرێت بە حکومەت.

رونیکردەوە، ئەوان لە رۆژانی داهاتو سەبارەت بە موچەی هەردو وەزارەتی پەروەرد و تەندروستی چاوەڕوانی کۆتا قسەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.

هەروەها جەختی لەوەکردەوە، کە بە عەبادییان راگەیاندوە، ئەگەر موچه‌ی‌ هەردو وەزارەتەکە لە نزیکترین وادەدا دابه‌ش نه‌كرێت، ئه‌وا مه‌ترسی‌ شكستهێنانی‌ هەردو کەرتی پەروەردە و تەندروستی دەکرێت و ئەوکاتەش سەرۆک وەزیران بەرپرسیاری یەکەم دەبێت.

وەڵامێك بەجێ بهێڵە

تکایە لێدوانی خۆت داخڵ بکە
تکایە ناوت لێرە داخڵ بکە