(سبەی):
پۆلیسی راپەڕین ئاشکرای دەکات، تەرمی هاوڵاتییەکی رۆژهەڵاتی کوردستانیان لە گۆڕستانی هەرتەل دۆزیوەتەوە کە بە (21) گولـلە کوژراوە و حیزبی دیموکراتیش، کوژرانی ئەو کادیرو فەرماندەیەی بەناوی قادر قادری رادەگەیەنێت.
بەپێی بڵاوکراوەیەکی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین کە وێنەیەکی بۆ (سبەی) نێردراوە، سەعات حەوتی بەیانی ئەمڕۆ ئاگادارکراوەتەوە لە بونی تەرمێک لە گۆڕستانی گوندی هەرتەلی سەربە ناحیەی بێتواتە لە قەزای رانیە، و دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس و بەڵگەی تاوان، دەرکەوتوە کە کەسێک بەناوی (ق.ع.ق) تەمەن (50) ساڵ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتوی شاری کۆیەیە.
بەوتەی پۆلیسی راپەڕین؛ تەرمەکە (21) گولـلە بەسەر جەستەیەوە و لەشوێنی روداوەکە ژمارەیەک قەوانی تەقیو لەجۆری چەکی کڵاشنکۆف دۆزرایەوە و دەستی بەسەردا گیرا و تەرمی ناوبراو بەڕێکرا بۆ پزیشکاری دادوەری رانیە بەمەبەستی ئەنجامدانی توێکاری پزیشکی بۆ تەرمەکەی، لەسەر روداوەکە کەس دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوەی ورد لە روداوەکە بەردەوامە بۆ زانینی هۆکاری روداوەکە.
پۆلیسی راپەڕین ئاشکرای کردوە؛ بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان قوربانییەکە لە رەگەزی نێرە و خێزاندارە و فەرماندەیەکی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتە.
لەلایەکی دیکەوە، حیزبی دیموکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: شهوی رابردو قادر قادری، کادیر و فهرماندهی حیزبی دیموکراتی کوردستان که به ئۆتۆمبێلی خۆی به سهردانێک چوەتە میحوهری بالیسان، درهنگانی شهو دهدرێته بهر دهستڕێژ و تهرمهکهی که زیاتر له (20) گولـلهی بەرکەوتوە و لە نزیک ئۆتۆمبێلەکەی له نزیک گوندی ههرتهل دۆزراوهتهوه و دەرکەوتوە ناوبراو له دهرهوهی ئۆتۆمبێلەکەی دهستڕێژی لێکراوه.